
کوردیستان ستراتێژی
پلاتفۆرم ڕێگا
ڕاگەیاندنی ژمارە ١
ڕۆژهەڵاتی کوردستان ١٦/١١/٢٠٢٣
بابەت: بانگەواز بۆ گەڵاڵەکردنی ستڕاتێژێکی نیشتیمانی
حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی!
ڕووناکبیران و چالاکانی سیاسی و مەدەنی!
کوردانی دیاسپۆڕا!
ڕای گشتی!
سەرەتا
ئێمە وەکوو ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و ئەندامی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دیاسپۆڕا و نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕێگای ئەم بانگاوازە ڕووی خۆمان دەکەینە سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکان، تۆڕ و ڕێکخراوە مەدەنییەکان، ڕووناکبیران و چالاکانی سیاسی و مەدەنیی سەربەخۆ کە لە پێناو دەستەبەرکردنی ستڕاتیژییەکی نیشتمانیی هاوەبەش دەستپێشخەری بکەن و ئەو پرسە گرینگە بخەنە سەرەوەوی ئەجێندای سیاسیی کوردەوە. ئەم هۆکارانەی کە ئێمەی هان داوە ئەم بانگاوازە ئاراستە بکەین زۆرن. هێندێک لەو هۆکارانە دەرەکین و بەو پێیەش لە دەرەوەی دەستەڵاتی ئێمەدان؛ بەڵام هۆکارە نێوخۆییەکان ڕاستەوخۆ دەگەرێنەوە سەر ئەو کەمتەرخەمی یان بێهەڵوێستییەی کە ئێمە لە بەرامبەر دۆزی مێژووییی خۆمان و بزووتنەوەی سیاسی و چارەسەری داهاتووی پەیوەندیدار بەو دۆزەوە نواندوومانە و دەینوێنین.
بۆچی ستڕاتیژییەکی نیشتیمانی/کوردستانی پێویستە؟
ئێمە پێمان وایە کە کوردستان وەکوو قەوارەیەکی سیاسی/جوگرافیایی لە چوارچێوەی سیستەمی سیاسی و حقووقیی ئێستایی ئێراندا نەک هەر خاوەن هیچ چەشنە مافێک نییە بەڵکوو لەڕووی سیاسی، ئابووری، کولتووری و زمانییەوە بە شێوەی موستەعمەرە یان کۆلۆنی بەڕێوە دەچێت. لە چوارچێوەی ئەم سیستەمە کۆلۆنیالیستییەدا، ئێمەی کوردستانی نە تەنیا بۆمان نییە کە لە حەوزە گشتییەکانی شار و گوندەکانماندا تەعبیر لە ویست و مافە بنەڕەتییەکانی خۆمان بە شێوەیەکی دامەزراوەیی/موئەسەسەیی و حقووقی بکەین بەڵکوو تەواو بە پێچەوانە، لە باشترین حاڵەتدا تەنیا لە حەوزەی تایبەتدا مافی ئەوەمان هەیە کە وەک بوونەوەرێکی فۆلکلۆریک هەبوونمان هەبێ.
ئێمە وەکوو نووسەرانی ئەم بانگەوازە لە خۆمان دەپرسین کە بۆچی و بە چ هۆکارگەلێک لە دوای چەندین دەیە خەبات و خۆڕاگریی بەردەوام، فیداکردنی گیانی هەزاران ڕۆڵەی نیشتمان، ئاوارەبوونی هەزاران هاوڵاتی، دەیان بزووتنەوەی گشتی و جەماوەری لە ئاستی بەرزی نەتەوەیی و هەروەها لەخۆبوردوویی و چالاکی بێوچانی هەزاران تێکۆشەری سیاسی و مەدەنی، هەتا ئێستاش نەمانتوانیوە کەمترین مافی سیاسی، مەدەنی و کولتووری بۆ خۆمان دەستەبەر بکەین. ئێمە دڵنیاین کە ئەوە پرسیاری ئێمە بە تەنیا نییە بەڵکوو هاوکات هەزاران هاونیشتیمانیی وڵات لە خۆیان دەپرسن هەتا کەی ئێمە دەبێ تەنیا لە پێناو خەباتدا خەبات و تێکۆشان بکەین و هەروەها دیسانیش هەتا کەی پێویستە کە لەوپەڕی بێدەرەتانی و بێمافیدا لە بازنەیەکی مێژووییی داخراودا بخولێینەوە.
ئەوە لە حاڵێکدایە کە مەکینەی ئاسیمیلاسیۆن، سەرکوت و کوشتاری کۆلۆنیالیسم لە بەرامبەر ئێمەی کورددا هیچکات پشووی نەداوە. ڕۆژ نییە خوێنی کۆڵبەرەکانمان دوندی چیاکان ڕەنگین نەکەن. کچەکانمان لە پایتەختی مەرگ کۆتایی بە ژیانیان نەهێنرێت، جەستەی ئازادیخوازەکانمان لە سەر پەتی سێدارە نەبێ یان بە دەستبەستراوی و خنکاوی لە ڕووبارەکاندا نەدۆزرێنەوە. ئەوە لە کاتێکدایە کە شێوازی هەڵسوکەوتی هێزی کۆلۆنیاڵ لە بەرامبەر ئێمەدا تەنانەت لە کاتی ئیعترازە گشتییەکانیشدا جیاوازە، چونکە بە بەراورد لەگەل شارەکانی ناوەند، ژمارەیەکی زیاتر لە لاوان و گەنجانی ڕاپەڕیوی ئێمە وەبەر دەستڕێژی گولـلە دەدرێن و زیندانەکانیان بە کۆمەڵ لە هاونیشتیمانییانی کورد پڕ دەکەنەوە. کارەساتی هەرە گەورەتر ئەوەیە کە هەر دەڵێی ئێمە خەریکین لەگەڵ ئەو دۆخە ڕادێین و ئەو چارەنووسە تڕاژیکە وردە وردە لە ناخی خۆمان دا نۆڕمالیزە دەکەین.
ئێمە هەروەها لە خۆمان دەپرسین کە بۆچی دیاسپۆڕای کورد، کە هەم لە بواری هزری و مەعریفی و هەم لە ئاستی ژیانی ئاسایی تاکەکەس دا گەشەی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و کۆمەڵێک دەستکەوتی بەرچاوی بۆخۆی تۆمار کردووە، هەتا ئێستایش نەیتوانیوە لە وڵاتانی جۆربەجۆر ببێتە خاوەن چەند ڕێکخراوی تۆکمە و بەرهەم هێنەر هەتا بتوانن بۆ نموونە لە ئاستی دیپلۆماسی، ڕاگەیاندن و میدیا، یارمەتیی ماڵی، پشتگیری ئاکادیمیک، چالاکی وەرزشی و ڕەوتی ئەدەبی و هونەری و … یارمەتیدەری دۆزی گشتیی کورد بن؟
ئەم دۆخە کارەساتبارە، کە غیابی ستڕاتیژیی نیشتیمانی ئەوەندەی دیکەش دەردەکەی گرانتر دەکا، بۆتە هۆکاری ئەوە کە تاکی کورد لەوپەڕی سەرگەردانی، بێ تەکلیفی و بێ ئاسۆییدا بمێنێتەوە. هەرچەند کە زۆربەمان بەردەوام لە چالاکیداین، بەڵام چونکە لە دەوری هیچ ستڕاتیژییەک کۆ نەبووینەتەوە و بەم پێیەش ئامانجی دیاریکراومان نییە، چالاکییەکانیشمان نەک بەرهەمهێنەر نابن بەڵکوو گەلێک جاران بەهۆی سەرگەردانیمان لەم بازنە داخراوەدا، ئاکامی پێچەوانە و ڕووخێنەریان لێ دەکەوێتەوە.
هۆکارێکی دیکە کە ئێمەی هان داوە ئەم بانگەوازە ئاراستەی ڕای گشتیی کوردستان بکەین، ئەو دۆخە تایبەتی و هەستیارەی ئێستایە کە سیستەمی نێونەتەوەیی و گلۆباڵ بە گشتی و هاوکێشەی دەستەڵات لە ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاستدا بە تایبەتی ئەزموونی دەکات. پێویستە ئێمە پرسیار لە خۆمان بکەین کە گەلۆ لە پەیوەندی لەگەڵ ئەم هەموو ڕووداوانە و ئەگەری گۆڕانکاریی پەیوەندیدار بەم ڕووداوانە کە کارتێکەری ڕاستەوخۆیان لەسەر پێکهاتەکانی پەیوەندیی نێودەوڵەتی و سیستەمی هاوپەیمانێتی لە ڕۆژەهەڵاتی نێوەڕاست هەیە، ئێمەی کورد دەمانەوێ چی بکەین و لە کوێی ئەو هاوکێشەیەدا ڕاوەستاوین؟ گەلۆ لە ئەگەری گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی ئێستایی هێزە ناوچەییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا، ئێمە تا چ ڕادەیەک ئامادەین و لە پێناو پاراستنی خۆمان و هەروەها مسۆگرکردنی مافەکانمان، چ چەشنە کەرەستەگەلێکی نەرم و ڕەقمان لە بەر دەست دایە؟ بە واتەیەکی دیکە، پرسیار ئەوەیە کە ئایا بۆ یەکەم جار دەمانەوێ بە دووربینی و ئامادەبوونەوە بچینە پێشوازیی ڕووداوەکان یان دیسانیش وەکوو ڕابردوو،تەماشاوانی وەفاداری گۆڕانکارییەکان دەبین و وەک ئەوەی نە بای هاتبێ و نە باران، نە لە ئاستی هزر و مەعریفە و نە لە ئاستی پڕاتیکی سیاسیدا، هیچ گۆڕانێکمان بەسەردا نەیەت و بەڵکوو دیسانیش وەکوو جاری جاران سست و چەقبەستوو لە دەرەوەی مێژوو بمێنینەوە؟
نەتەوەی ئێمە نە چیدیکە دەتوانێ و نە شایانی ئەوەشە کە لە سایەی ئەو سیستەمە کۆڵۆنیالیستییەدا درێژە بە ژیان بدات. هەربۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە ئێمە پێکەوە لە پێناو دەستەبەرکردنی ستڕاتیژییەکی نیشتیمانیدا هەنگاوی شێلگێرانە هەڵگرین.
ستڕاتێژی نیشتیمانی/کوردستانی
\
لە ڕوانگەی ئێمەوە ستڕاتیژی نیشتیمانی نایەتە واتەی مانیفێستێک یان پەیڕەو و پڕۆگرامێکی ڕێکخراوەیی کە بڕیار بێت بە شێوەی نووسراوە لە بەر دەست بێت. بەڵکوو ئەوە عەقڵییەت یان فۆڕمێک لە پەیمانی کۆمەڵایەتییە کە بە بەشداری و چالاکیی هەموو حیزب و ڕێکخراوەی سیاسی، کۆمەڵگەی مەدەنی، تاک و کەسایەتییەکان، ڕۆشنبیرانی نێوخۆ و کوردانی دیاسپۆڕا دەستەربەر دەبێت و هەر ئەوانەش لە ناخی خۆیاندا دەروونیی دەکەنەوە.
بە واتەیەکی دیکە، ئێمە پێویستیمان بە سەرەتایەک، بە پڕۆسەیەکی نوێ و بە ئاشتییەکی نیشتیمانییە کە لەخۆیاندا ببنە سەرچاوەی عەقڵییەت، لێکتێگەیشتن، مۆڕال و کولتوورێکی سیاسیی جیاواز بە مەبەستی ئەوەی کە بتوانین بەشی هەرە زۆری وزەی تیکۆشانی خۆمان لە ئاستی تاک و کۆمەڵدا کاناڵیزە بکەین تاکوو لە هەنگاوی دواتردا لە پێناو ئامانجێکی دیارکراوی کوردستانیدا کەڵکی لێ وەربگرین.
ئەم ستراتیژییە نیشتیمانییەی کە ئێمە باسی دەکەین دەکرێت وەکوو فۆڕمێک لە پەیمانی کۆمەڵایەتی لێک بدرێتەوە کە سەرجەم کوردستانیانی ڕۆژهەڵات بە هەموو جیاوازییەکی سیاسی، زمانی و زاراوەیی، کولتووری، جێندێری و کۆمەڵایەتی/چینایەتی لە خۆی دەگرێ. لەم قۆناغە سەرەتاییە و ئەم دۆخەی ئێستادا، ئێمە دەتوانین لە سەر ستڕاتێژییەکی نیشتیمانیی مینیماڵ و ئەرکخوڵقێن ڕێک بکەوین کە بۆ نموونە بتوانێ لە ئاستی مەعریفیدا تیئۆریزەکردنی دۆزی کورد لە ئێران و لە ئاستی پڕاکتیکی ساخکردنەوەی حیزبەکان و دروستکردنی کۆڕ و ڕێکخراوی جۆربەجۆری دیپلۆماسی، ماڵی، ئاکادیمیک، میدیایی، وەرزشی، هونەری و ئەدەبی بە ئامانج بگرێ.
کۆتایی
پێویستە کە ئەو ڕاگەیاندنەی ئێمە تەنیا وەکوو ورووژاندنی پرسیار لە پێناو دەستەبەرکردنی ئەو ستڕاتێژییە نیشتیمانییەدا چاوی لێ نەکرێت؛بەڵکوو ئەوە هاوارێکە ڕوو لە هەموو هاونیشتیمانیانی کوردستان کە مەترسییەکانی سەر ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە جیددی بگرن و لە پێناو بەرەوە پێش بردنی ئەو دۆزە نەتەوەییە بە کردەوە هەنگاو هەڵبگرن و یارمەتیدەر بن.
لە کۆتاییدا هاونیشتیمانیانی خۆشەویست ئاگادار دەکەینەوە، ئێمە لە سەر چالاکییەکانی خۆمان بەردەوام دەبین و لە ڕاگەیاندنەکانی داهاتوو بە فۆرم و شێوازی ترەوە دەردەکەوینەوە.