ڕاگەیاندنی ژمارە ٥-ڕوانگەی یاسایی/حقووقی کۆلۆنیالیسمی ئێرانی و هەڵوەشاندنەوەی دۆخی کۆلۆنیاڵ لە کوردستان
ڕوانگەی یاسایی/حقووقی کۆلۆنیالیسمی ئێرانی و هەڵوەشاندنەوەی دۆخی کۆلۆنیاڵ لە کوردستان: ناساندنێکی سەرەتایی
هاونیشتیمانیانی هێژا!
مەبەستی ئێمە، وەک پلاتفۆڕمی ڕێگا، لەم ڕاگەیاندنەدا ئەوەیە کە سرنجی ئێوە هانیشتمانیانی هێژا ڕابکێشینە سەر هێندێک لایەن، توخم و خسڵەتی سیستەمی کۆلۆنیالیسمی ئێرانی کە بە تایبەتی لە هەیبەتی زمانی یاسایی و زانستی یاساییی سەردەست و دەستەواژە و تیرمینۆلۆژیی گرێدراو بەم زمان و زانستەدا لەبەرانبەر کورد و کوردستانیاندا خۆی بەرجەستە دەکاتەوە. لە ڕاستیدا، لە نێوان ئەو دۆخە مادی و واقعییەی کە کورد تێیدا دەژیت و ئەو زمان، زانست و چەمکە ڕەسمی و یاساییانەی کە لە چوارچێوەی مۆئەسەساتی نەتەوەی سەردەست و دەستەڵاتدار بەرامبەر بە کورد بەکار دەهێنرێت، پەیوەندییەکی چڕ و دیالیکتیکی هەیە. لەم پەیوەندییەدا، هەم ئەزموونی مێژوویی وڵاتانی کۆلۆنیزەکراو هەم ئەم بەرهەمە تیۆری و هزرییانەی کە لە لایەن پسپۆڕانی ئەم بوارەوە دەستەبەرکراون، دەریدەخەن کە بەدوای کۆتاییهاتنی کۆلۆنیالیسمی نەریتی و کلاسیک، نۆرە دەگاتە کۆلۆنیالیسمی نێوخۆیی کە لەلایەن دەوڵەتانی “تازەسەربەخۆ”وە وەکوو مودێلێکی ناڕێک و نادادگەرانە و هەروەها وەکوو ئامراز و کەرەستەی ڕاستەوخۆی زاڵبوون، داگیرکاری، تاڵان، تواندنەوە و ئاسیمیلەکردن بەرانبەر بە نەتەوە، شوناس و کولتووری ژێردەست و بەکەمینەکراو پەیڕەو دەکرێت. ئەم دیاردەیە لە ڕاستیدا پێکهێنەری جەوهەری مێژوویی کۆلۆنالیسمی ئێرانییە و هەر لە سەرەتای دەستەبەر بوونییەوە هەتا ئەمڕۆ بۆ نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان کارەساتبار بووە.
بۆ نموونە، ئێمە پێمان وایە کە دەستەواژەی (شهرهای کردنشین) کە لە زمانی ڕەسمی و یاساییی ئێران و نەتەوەی سەردەستدا بوونی هەیە و بە بەردەوامی لە لایەن ئەندامانی ئۆپۆزیسیۆنی ئەم وڵاتە بە کار دەهێنرێت، هەر بژاردەیەکی زمانی و وێژەیی یان ئاماژەیەکی ساکاری ڕەمزی و سەمبولیک نییە، بەڵکوو ئەم دەستەواژە ڕەسمییە کە لە هەمان کاتدا بە پێی مادەی ١٠ی یاسای دابەشکاریی ئیداری و جوگرافیایی وڵات پێگەیەکی یاسایی و حقووقی بەخۆیەوە گرتوە، لە ڕاستیدا لە ناوبردنی چەمکی کوردستان و بە هەمان شێوەش نەمانی پەیوەندیی مێژوویی نێوان کورد و خاکی کوردستان و لە ئاکامدا تێکدان و شێواندنی ئاسۆی خەباتی ڕزگاریی کورد و هەوەها بیرۆکەی سەرەوەری و سەربەخۆییخوازیی ئەم نەتەوەیە بە ئامانج دەگرێت. بە واتەیەکی دیکە، دەوڵەت-نەتەوەی مۆدێڕنی ئێران، بە ڕێگای زانستی سەردەست، زمانی فەرمی و یاسایی و هەروەها فۆڕمە جۆربەجۆرەکانی دیکەی هێزی نەرم، بەردەوام تێدەکۆشێت کە ڕووی حیساباتی وردبینانە و وشیاریی تایبەت بە خۆیەوە پەیوەندیی نێوان چەمکگەلی وەکوو نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان، کە لە خۆیدا بنەڕەتیترین عونسوری دەوڵەتدارییە لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەیی، هەڵبوەشێنێت و لە ناوی بەرێت.
بە داخەوە، ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسیی کورد و هەروەها حیزب و ڕێکخراوەی کوردی بێ هیچ تێبینی و سرنجێکی ڕەخنەگرانە ئەو چەشنە زمان، گێڕانەوە و دەستەواژە یاساییانەی کە دەوڵەتی کۆلۆنیالیستی ئێرانی بە سەر ئێمەیدا سەپاندوە، نەک هەر قەبوول کردووە بەڵکوو لەوەش خەارپتر لە لێدوان و دەرکەوتنە سیاسییەکانی خۆیاندا لە فەزا گشتییەکاندا بەردەوام بە کاریان دەهێنن و سەرلەنوێ بەرهەمیان دەهێننەوە. ئەوەش ڕێک بە پێچەوانەی ئەو خەباتەیە کە خۆیان دەیان ساڵە لە پێناو ئازادیی کوردستاندا ئەزموون و ڕێبەرایەتیی دەکەن.
لە کۆتاییدا، ئێمە پێمانوایە کە ئەم ئەدەبیات، زانست و زمانە سەردەست و یاساییەی کە هەم دەوڵەتدارانی ئێرانی، هەم ئۆپۆزیسیۆنی حکوومەتی ئێرانی و هەمیش بە داخەوە هێندێک لایەنی کوردی بە کاری دەهێنن، بریتییە لە هەمان ئەو دۆخە واقعی و مادییە کۆلۆنیاڵەی کە ئێمەی کوردی تێیدا دەژین. لەم پێناوەدا، پێویستە ئەدەبیاتی سیاسیی کورد و زمانی ڕەسمیی کوردی لەپێش هەموو شتێکدا هەڵوەشاندنەوەی زمانی یاسایی دەوڵەتی کۆلۆنیالی ئێرانی بە ئامانج بگرێت و لەو ڕێگایەشدا بەردەوام لە سەر پەیوەندیی نێوان نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان پێداگری بکات، چونکە ڕزگاریی ئێمە، بمانەوێت و نەمانەوێت بە ڕێگای گەیشتن بە سەروەریی سیاسی و حقووقی و هەروەها بەڕەسمی ناسینی ئەم سەروەرییە لە چوارچێوەی یاسای نێونەتەوەییدا دەستەبەر دەکرێت. غەیری ئەوە، هەموو ڕێگایەک بەلاڕێدا دەڕوات.
پلاتفۆرمی ڕێگا
کوردستان 28ی ئاوریلی 2025
