تۆڵە

لە بەرامبەر کوشتنی ڕۆڵەکانمان بە دەستی دەوڵەتی ئێران چی بکەین؟
کوردستانییانی هێژا،
لەم ڕۆژانەدا دەوڵەتی کۆڵۆنیالیستی ئێرانی دیسان دەستی داوەتە کوشتن و ئیعدامی ڕۆڵەکانی کورد و لە تازەترین کردەوەی مرۆڤکوژانەی خۆیدا چوار لاوی کوردی بە ناوەکانی موحسین مەزلووم، محەمەد (هەژیر) فەرامەرزی، وەفا ئازەربار و پژمان فاتیحی  لە سێدارە دا. ئێمە دەزانین دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی لە تیرۆری سمکۆوە هەتا ئیعدامی پێشەوا، لە ئێعدامەکانی سنە و مەهابادەوە، هەتا تیرۆری سدیق کەمانگەر، لە تیرۆری قاسملوو و شەرەفکەندی و تیرۆرەکانی نەوەدەکانەوە هەتا ئیعدامەکانی ئەم ڕۆژانە، پرسی خۆی لەگەڵ کێشەی کورددا بە کوشتنی ڕۆڵەکانی کورد یەکلایی کردووەتەوە. کوشتنی ڕۆژانەی کۆڵبەران، کوردی وەک قوربانییەکی کۆد کردووە کە کوژرانی ڕۆژانەی کورد ئاسایی بکاتەوە. مەرزبان/پاسەوانەکانی سنووری ئێرانی ڕۆژانە بۆ سڕینەوەی سیمای مرۆڤ لە مرۆڤی کورد بەردەوام تەقە لە کۆڵبەرەکانمان دەکەن، برینداریان دەکەن و دەیانکوژن. ئەگەر لە بەستێنێکی بەرینتر دا، واتە لە چوارچێوەی هێڵەکانی ململانئ و دوژمنکاری و هەروەها سیستەمی هاوپەیمانێتی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا سەرنجی پڕۆژەی کوشتاری کورد بە دەستی دەوڵەتی کۆڵۆنیاڵی ئێرانی بدەین، بە ڕوونی بۆمان دەردەکەوێ کە ئەم دەوڵەتە بە شێوەی دۆفاکتۆ ئێمەی کوردی لە بەرەی دوژمنانی خۆی داناوە و بەم پێیەش مانەوە و بەهێزبوونی خۆی لە کوشتن و نەمانی  ئێمەدا دەبینێت. بەڵام سەیر ئەوەیە زۆربەی جار قاتڵە دەوڵەتییەکان بە بێ هیچ ترس و نیگەرانییەک لە گرتن یان بە دواداچوونی یاسایی، یان وەکوو جاران لە کوردستاندا دەمێننەوە یان پاش ماوەیەک بە پلە و پایەکی بەرزترەوە دەگوێزرێنەوە بۆ شارەکانی خۆیان یا هەر شارێکی تری دەرەوەی کوردستان. شایانی باسە لەم کارناڤاڵی کوشتارە دا، تەنانەت مافی ئەوەش بە ئێمەی کورد نادرێت کە تەرمی گیانبەختکراوانمان وەرگرینەوە و بە پێی داب و نەریتی خۆمان مەڕاسیمیان بۆ دابنێین و لە پاشان ئەسپاردەی خاکیان بکەین.  سەیر لەوەدایە کە لە دۆخێکی ئاوا، یانی لە کاتێکدا کە تەنانەت مافی زیندووبوونیشمان پێ ڕەوا نابینن، دێین و ڕوو لە جەلادانی خۆمان باسی مافی مرۆڤ و دیمۆکڕاسی دەکەین.
 
تێڕوانینی هەڵە بەرامبەر بە ئەندازیاران و جێبەجێکارانی سیستەمی کۆڵۆنیاڵی و داگیرکاری
یەک لەو هۆکارانەی کە ئەم دۆخەی دروست کردووە ئەوەیە کە کورد تاکوو ئەمڕۆ نە تەنیا سیاسەتێکی ڕوونی بەرانبەر بە دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی و بە تایبەت بەڕێوەبەران و جێبەجێکارانی ئەم سیستەمە داگیرکارییە نەبووە، بەڵکوو زۆر جاریش ڕق و کینە و وزەی تۆڵە و چەکی خۆی تەنیا بەرامبەر بە جاش و بەکرێگیراوی نئوخۆیی بەکار هێناوە. ئەوە لە حاڵێکدایە کە ئەندازیاران و دارێژەڕانی سیستەمی کۆڵۆنیال، چ لە جلوبەرگی بەرپرسانی دەوڵەتی و ئیداری، چ وەکوو پەیمانکار و بەڵێندەری ئەملاک و پڕۆژەی جۆربەجۆری ئابووری، چ لە هەیبەتی کاربەدەست و میسیۆنەری زمان، کولتوور و پەروەدە و چ وەکوو جەلادی هەمیشە پەنجە لە سەر پەلاپیتکە و پەتی سیدارەبەدەست هەموو کەلێن و قوژبنی کۆمەڵگەی ئێمەیان تەنیوە، ئازادانە دێن و دەچن، تەڕاتێن دەکەن  و جمەیان دێت. بێدەنگی بەرانبەر بە ئەندازیاران و بەڕیوەبەرانی پڕۆژەی کۆلۆنیاڵ  ئەوەمان پێ دەڵێت کە بەڵکوو ئێمە بە شێوەیەک سیستەمی دەستەڵاتداری کۆڵۆنیالی ئێرانیمان لە ناخی خۆماندا نەهادینە کردووە و بەم پێیەش  هێشتاش داگیرکەر بە خاوەن مافی مەشرووعی بەکارهێنانی توندوتیژی بەرامبەر خۆمان دەزانین. بە واتەیەکی ترەوە، ئێمە بەرامبەر بە پرۆژەی کوشتاری دەوڵەتی داگیرکەر، بەردەوام ویستوومانە پێداگری لە سەر ئەوە بکەین کە خواستی ئێمە یاسایی و دیمۆکڕاتیکە. ئەم چەشنە تێڕوانینە لە ئاکامدا واتای ئەوە دەگەیەنێت کە ئێمە لە ئاستی هەڵویستگرتندا تەنیا لە گەڵ هەڵسوکەوتی نادیمۆکڕاتیکانەی حکوومەتی ناوەندی ناتەباین دەنا لەگەڵ نێردراوانی دەوڵەت و ئەندازیارانی پڕۆژەی کۆڵۆنیالدا هیچ کئشەمان نییە و مەشرووعییەتی خودی دەوڵەتی ئەوانیش ناخەینە ژێر پرسیار.
دەوڵەتی داگیرکەری ئێرانی بە پرۆپاگەندای خۆی لە شەڕەکانی لەگەڵ نەتەوەی کورددا، دەستی خوێناویی خۆی لە جینایەتەکانیدا بە سەر ئێمەدا ساوی. بەداخەوە ئێمە لەجێی ئەوەی بکەوینە بەڵگەمەند کردنی تاوانی جینۆساید و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی لەلایەن داگیرکەوەرە، ماوەیەکی زۆر خەریکی سەلماندنی ئاشتیخواز بوون و دژە توندوتیژی بوونی گەلی کورد بووین. هێشتا کەسانێک لەنێو کورددا هەن کە زەلیلانە دەپاڕێنەوە بۆ ئەوەی خەڵکانێک لە نەتەوەی داگیرکەر لە ڕاستییەکان ئاگا بکەنەوە، خۆیان دەگووشن بۆ ئەوەی بە فارسی بڵێن کە کورد سەر نابڕێت. دەیانەوێت بسەلمێنن کە کوردیش مرۆڤە؛ بەو پەڕی ساویلکەییشەوە، ئەو کارەیان وەک ئەرکێکی نیشتمانیی پێشکەوتووانە دەبینن.

ئێمە ئەمڕۆ دەزانین پرسی داگیرکەران و نەتەوەی سەردەست زانینی ڕاستییەکان نییە؛ ئەوان ڕاستییەکان لەسەر ئێمە دەزانن بەڵام چون لە گرینگیی داگیرکردنی کوردستان بۆ مانەوەی سیستەمی دەستەڵاتداری کۆڵۆنیالیستی ئێرانی (جا لە هەر نەتەوەیەک بن) بەئاگان دەزانن کە دەبێت ترس لە دڵماندا بچێنن و لەم ڕێگایە دا کوشتنی ئێمە بۆیان دەبێتە شێوەڕەفتارێکی مەشرووع و کاریگەر لە حاڵیکدا ئێمەیش  وەک هەمیشە لارەمل و دەستەوئەژنۆ لەخۆسەلماندنی خۆمان  بەوان وەکوو نەتەوەیەکی ئاشتیخواز بەردەوام دەبین.
  
چارە چییە؟
ئێمە وەک پڵاتفۆڕمی ڕێگا، لەم سیستەمە ئاڵۆز و کائۆتیکە و لەو بێنەزمە جیهانییەی ئێستا دا، کە زۆربەی دەوڵەتان و تەنانەت بگرە ئاکتەرە نادەوڵەتییەکانیش  بۆ مانەوە و بەهێزبوونیی خۆیان و هەروەها بە مەبەستی ڕاگرتنی باڵانسی هێز، پەنا بۆ مودێلێکی جیاواز لە سیستەمی هاوپەیمانێتی و هەروەها هێزی ڕەق دەبن، بەکارهێنانی دیسکورسی ئاشتیخوازی، دیمۆکڕاسی و مافی مرۆڤ بە نابەرهەمهێنەر و کۆنتراپرۆدۆکتیف دەزانین. لەم ڕووەوە ئێمە پێمان وایە کاتی ئەوە هاتووە لە خۆمان بپرسین کە گەلۆ بۆ بەرەنگار بوونەوەی ئەو دۆخە زەینییەی کە دەوڵەتی کۆڵۆنیاڵ بەسەرمانیدا سەپاندووە  و هەروەها بۆ پاراستنی گیانی ڕۆڵەکانمان،  بۆ ئێمەی کورد پێویستە کە لە تەنیشت خەباتی جەماوەری کە کوردستانییان لەم ساڵانەی دواییدا وەکوو پڕاتیکێکی بەهاخوڵقێنی گەردوونی کەڵکیان لێوەرگرتووە، خۆمان بۆ دوکترینی تۆڵە و سزاش ئامادە بکەین؟ بە پێی ئەم دوکتورینە، هەروەها دیسانیش لە خۆمان پرسیار دەکەین گەلۆ هەر مەئموورێکی دەوڵەتی کؤڵۆنیاڵی ئێرانی لە هەر نەتەوەیەک بێت، چ وەک فەرماندەر، چ وەک هاوکار و چ وەک جێبەجێکەر، ئەگەر دەستی بە خوێنی ڕۆڵەی کورد سوور بێت، لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە پێویستە خۆی بۆ سزای تاوانەکەی ئامادە بکات یان نا؟ ئایا تێپەڕینی کات سزای تاوانەکان کەم دەکاتەوە یان دوچاری لەبیرکردنیان دەکات؟ ئەم پرسیارانەی ئێمەی لە گەڵ یاسای نێودەولەتی و ئەسڵی مافی خۆپاراستنی نەتەوە ناکۆک و ناتەبا نین. بە هەرحاڵ ئەگەر لە داهاتوودا ئەم دوکتورینە کەوتە ئاجێندای سیاسیی کوردەوە، ئێمە پێمان وایە ئەم ئەرکە بە پلەی یەکەم لە ئەستۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستاندایە و لە ڕوانگەی ئێمەوە، تاکی پێشمەرگە مەشرووعییەت و فەلسەفەی هەبوونی خۆی بەدەر لە ئینتیما و چوارچێوەی حیزبی، لە کوردستان و چارەنووسی داهاتووی کوردستانیان وەردەگرێت.
 
پلاتفۆرمی ڕێگا
ڕێکەوت 2723/11/12

 

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *