photo_2025-07-30_13-00-42

کێشەکانی پەیوەندیدار بە خاک و سنووری جوگڕافیایی و سامانی سروشتی رۆژهەڵاتی کوردستان و هەڵویستی حیزبە سیاسییەکانی ئێمە!

کوردستانییانی هێژا،

لەم دۆخەی ئێستادا کە ڕۆژهەڵاتی نیوەڕاست بەگشتی و دەوڵەت/نەتەوەی ئێران بەتایبەتی گۆڕانکاری بەرچاو و بگرە لێکترازان و داڕمانی پێکهاتەیی بەخۆیەوە دەبینێت، نەتەوەکانی نێوخۆی ئێرانیش، چ لە ڕووی کردەوە و چ لە ڕووی گوتارسازییەوە کەوتوونەتە چالاکی و هەر یەکەی بە پێی خوێندنەوەی خۆی باسی داهاتوو، پانتایی خاک، سامانی سروشتی ، پێناسەی هوویەتی و چوارچێوەی سیستەمی دەستەڵاتداریی خۆیان لە پاش نەمانی کۆماری ئێسلامی ئێران دەکات. ئەم باسانە بە هیچ شێوەیەک بریتی نین لە کۆمەڵێک ئاماژە و دەربڕینی ئینتیزاعی و بێ زیان کە خەڵکانێک لە پێناو بە سەربردنی کات، ستۆری و پۆستەکانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پێ پڕدەکەنەوە. بەڵکوو بە پێچەوانە ئەم باسانە پەیوەندیی ڕاستەوخۆیان بە دیاریکردنی پانتایی خاک، سنووری جواگڕافیایی، سیاسەتی ئاو، ژینگە و ئیدارەکردنی سامانی سروشتی و یان بە شێوەیەکی گشتی بە  تەواوی داهاتووی سیاسیی ئێمەوە لە ڕؤژهەڵاتی کوردستاندا هەیە کە ئەگەر بێتوو ئێمە نەتوانین لە کاتی خۆیدا و بە شێویەکی سیاسییانە، بابەتییانە، مەعقوول و ژیرانە لە بەرامبەر ئەم هەڵویست و ڕەفتارانە هەلویست بگرین و ئەگەر لێکدانەوەی گۆنجاومان بۆ دەرهاویشتەکانی نەبێت، لەوانەیە تووشی کۆمەڵیک کارەسات بین کە ڕاستکردنەوەیان لە داهاتوودا ئەستەم دەبێت.

هەربۆیەش ئێمە وەک پڵاتفۆڕمی ڕێگا، بێئەوەی مەبەستمان ئەوە بێت کە ناکۆکی و جیاوازیی نێوان نەتەوەکان زەق بکەینەوە، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە ڕوو لە ڕێبەرایەتیی حیزبە سیاسییەکانی کوردستان چەند پرسیاریان ئاراستە بکەین. هەرچەند ئەزموونەکانی پێشوو و پێشووتریش پێمان دەڵێن کە پرسیار و ڕەخنەی پێکهێنەر کاریگەرێکی ئەۆتۆیان نییە، بەڵام ئێمە دیسانیش لە ڕووی ئەرکی مێژوویی خۆمانەوە ئەم پرسیارانە بە شێوەی خوارەوە گەڵاڵە دەکەین.

  • پەیوەندی ئێمەی کوردی ڕۆژهەڵات لە گەڵ نەتەوەی تورکی ئازەری بە هۆی دراوسێتی و بە تایبەت بە حوکمی ئەوەی ئەوان لە دەستەڵاتدان و ناوەندەکانی بڕیاڕدانیان بە دەستەوەیە، پەیوەندییەکی ئاڵۆز و کێشەهەڵگرە. لە حاڵێکدا، ئەوان، هەرچەند لە ڕووی زمانی و کولتوورییەوە  لە چوارچێوەی ئێراندا هەست بە جیاوازی و هەڵاواردن دەکەن، بەڵام  کەم و زۆر دەستیان بە سەر کۆی سامانی سروشتی ئێمەدا گرتوە و بۆ نموونە پێداویستی پێشەسازی، کشتوکاڵ و مرۆیی خۆیان بە ئاوی کوردستان دابین دەکەن، سیاسەتی ئێمە لەم پەیوەندییەدا دەبێت چی بیت و چۆناوچۆن لە گەل ئەم دۆخە هەڵسوکەوت بکەین؟  
  • ئەگەر سەیری سیستەمی بەڕیوەبەری و پڕۆسەی بڕیاڕدارن لە ژمارەیەکی بەرچاو لە شارەکانی کوردستان بکەین، دەبینین کە تورکی ئازەری دەستەڵاتیان بە دەستەوەیە. لەم پەیوەندییەدا، هەڵوێستی بەڕیوەبەرایەتی حیزبەکانی ئێمە چییە، داهاتووی ئەم کێشەیە چۆن دەبێنن و ئەم لایەنە ئازەرییانەی کە بڕیارە لەم پەیوەیدنییەدا لەگەڵیان بکەونە دانووستاندن کێن؟
  • لە پەیوەندی لە گەڵ ئیعدام و لەسێدارەدانی ڕۆڵەکانی ئێمە و بگرە لە تەقەکردن لە کۆڵبەران و کوشتن و بریندارکردنی ڕۆژانەیاندا و تەنانەت گیانبەختکردنی بەردەوامی ژینگەپارێزانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش ئێمە پێمان وایە کە کاربەدەستانی لۆکاڵی و هەرێمی سەر بە نەتەوەی ئازەری ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕن. بۆ نموونە لە نێو هێزەکانی سەر سنوور و لە دادگەکانی ئینقیلاب (بۆ نموونە دادگەی ورمێ) ئەوە تورکی ئازەرین کە لە پەیوەندی لە گەڵ ژیان و هەبوونی ئێمەدا ئەرکدارن وبڕیاڕ دەدەن هەروەها ئیمە پێمان وایە کە مەرگی کارەساتبار لاوانی ژینگەپارێزی ئێمە و تەنانەت دیارەدەی کۆڵبەریش خۆی دەرهاویشتەی ئەو دۆخە ژینگەیەیی ناسالمە و ئابوورییە ئیستیعمارییەیە کە ئازەرییەکان بە سەر ئێمەیان داسەپاندوە. ڵێرەدا پرسیار ئەوەیە، بەرپرسیارییەتی ڕێبەرایەتیی حیزبەکانی ئێمە لە بەرامبەر گیان و ماڵی ڕۆڵەکانی نیشتماندا چییە و لە پەیوەندی لە گەڵ لەسیدارەدان و کوشتنی ڕاستەوخۆی ئەوان و بگرە مەرگی ژینگەپارێزانداچ هەڵویستێکیان هەیە؟
  • لە دیسکورسی نەتەوەیی سەردەستی تورکاندا، بەشێکی بەرچاوی خاکی کوردستان وکوو جواگڕافیا و خاکی ئازەربایجان پێناسە دەکرێت. گەلۆ ڕێبەرایەتیی حیزبەکانی ئێمە ئاگایان لەم دیاردەیە هەیە؟ گەلۆ دەزانن کە هەر لە ئێستاوە کۆمەڵێک جموجۆڵی مەیدانیش لە ئارادا هەیە کە لە ئامانجی نیزیک و دووری خۆیدا باسی لکاندنی لە “ورمێ ڕا هەتا کۆتوڵ و ماکۆ” بۆ سەر خاکی ئازەربایجان دەکات؟ گەلۆ ڕیبەرایەتیی حیزبەکانی ئێمە لە بەرامبەر سیستەمی ئیداریی داسەپاو، بۆ نموونە دروستکردنی “ئوستانی ئازەربایجانی غەربی” ڕەزاشاهی و یان بەستنەوەی ناوچەکانی وەکوو چۆمی مەجیدخان و شامات بە ئیدارەی شاری میاندواو، هیچ هەڵویست و بەرنامەیەکی دواڕۆژیان هەیە؟
  • ئەم پرسیارانە بە شێوازی جیاوازتر لە پەیوەیدنی لە گەڵ بەشەکانی باشووری ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش و بە تایبەت ئەم ناوچانەی کە هێلی تەماسی ئێمە لە ڕووی جوگرافیایی، زمانی و هوویەتییەوە لە گەڵ نەتەوەی لؤر پێکدینین، گرینگایەتی ستڕاتێژیکیان هەیە. گەلۆ ڕێبەرایەتی حیزبەکانی ئێمە، لەم پەیوەندییەدا، هیچ بیرۆکە یان هەڵویستێکیان هەیە و لەم پێناوەدا بۆچوون یان بڕیارێک هەیە کە بە ئامانجی ڕوونکردنەوە و بەڵگەمەندسازی زیاتری ئەم دیادەردەیە کۆمیسیۆن و دەستەی کاری تایبەت و پسپۆڕ پێکبێهێندرێت؟

هەروەک چۆن لە سەرەتادا ئاماژەی پێکرا، ئێمە وەک پڵاتفۆڕمی ڕێگا پێمانوایە کە ڕێبەڕایەتیی حیزبەکانی ئێمە پێویستە کە گرینگایەتی بە یەکبەیەکی ئەم پرسیارانەدا بدەن و لە پێناو دۆزینەوەی چارەسەری ژیرانە و بابەتییانە بۆ هەریەک لەمانە بە ڕوحی هاوکاری و بە پێی بەرپرسیارێتی مێژوویی خۆیانەوە دەستەی کاری و کۆمیسیۆنی تایبەتی لە خەڵکانی شارەزا و پسپۆڕ پێکبێنن. خۆدزینەوە لەم ئەرکە دەتوانێت زەمینە بۆ کۆمەڵیک کارەسات دروست بکات کە لە ڕاستیدا پەیوەندیی بە داهاتوو و بگرە مان و نەمانی ئێمەی کورد لە ڕۆژهەلاتی کوردستان دەبێت.

پلاتفۆڕمی ڕێگا

ڕێکەوتی ٨/٥/٢٧٢٥

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *