ڕاگەیاندنی ژمارە ٢-ڕوو لە ناوخۆی وڵات، هێزە سیاسییەکان و دیاسپۆرا
کوردستانییانی هێژا؛
دوای بڵاوبوونەوەی ڕاگەیاندنی یەکەم و وەرگرتنی ڕا و بۆچوونی ئەمەگدارانی نیشتمان، لە ڕاگەیاندنی ئەم جارەماندا ڕووی بانگەوازمان، بەتایبەتیتر لە سێ بەش و پێکهاتەی گشتیی کۆمەڵگای کوردستان (ناوخۆی وڵات، هێزه سیاسییەکان و دیاسپۆرا) دەکەین کە لە پێناو ڕزگاریی کوردستان لە سیاسەتی تواندنەوە و کۆڵۆنیالیسمی ئێرانی و بەم پێیەش دەستنیشانکردنی ئاسۆی چارەسەری لە سەر بنەمای ستڕاتێژییەکی نیشتیمانیی هاوەبەش ئاستی تیکۆشان، چالاکی و پراکتیکی ڕێکخراوەیی و سیاسی خۆیان بۆ قۆناغەکانی دوای شۆڕشی ژینا چڕتر بکەنەوە
:ڕوو لە ناوخۆ
بە دڵنیاییەوە پێشەنگ و پێشسوارانی ڕزگاریی کوردستان دانیشتووانی نیشتەجێی کوردستان و خەڵکی ناوخۆن. بە مەبەستی خزمەت کردن بە وڵات و نەتەوە و لە پێناو دەستەبەرکردنی ستراتێژیی نیشتیمانی، خەڵکی ناوخۆ دەتوانن بە چڕکردنەوەی چالاکیی کولتووری-کۆمەڵاتیی ناحکوومی، وەگەڕخستنی کۆڕ و ناوەندی فێرکاری، ڕاهێنان و خوێندنی زمانی کوردی و مێژووی کوردستان، ڕاهێنان بە زانست و تێکنۆلۆژیی زانیاری و سازکردنی تۆڕی مەجازیی جێی متمانە، وردبوونەوە لە چالاکیی دامودەزگا حکوومییەکان و خۆپاراستن و نەکەوتنە داوی کۆی ئەو پیلانە کەلتووری- کۆمەڵایەتییە نزم و بێناوەرۆک و تێکدەرانە کە دەستەڵاتی کۆڵۆنیاڵ بەرامبەر بە کوردستان پڕاکتیزەیان دەکات، لە ئەرک و چالاکیی نیشتمانی بەردەوام بن.
:ڕوو لە لایەنە سیاسییەکان
پێویستە سەرجەم حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی کوردستان کە خۆیان بە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە پێناسە دەکەن، لەوە تێبگەن کە لە قۆناغەکانی دوای شۆڕشی ژینا، پاسیڤ بوون یان دابەزاندنی چالاکی و خەبات هەتا ئاستی چەند ڕاگەیاندن و پەیام، نە لە ئاستی نرخ و شکۆی نەتەوەی کوردستان لە رؤژهەڵاتدایە و نە دەتوانێت لە ڕەوتی خەباتی نەتەوایەتی لە پێناو هەڵتەکاندنی دەستەڵاتی کۆڵۆنیال و بەم پێیەش دەستەبەرکردنی سەروەریی سیاسی، دەستکەوتی واقیعی بەرچاوی لێ بکەوێتەوە.
شایانی وەبیرهێنانەوەیە کە ئێمە کە لە ژێر ناوی «پلاتفۆڕمی ڕێگا» کار و خەباتی خۆمان دەبەینە پێشەوە، داوای موعجیزەی سیاسی لە لایەنەکان ناکەین. ئەوەی ئێمە دەمانەوێت ئەوەیە کە یەکەم هەنگاوەکان لە پێناو دەرکەوتن لەو بازنە داخراوە و ڕزگاربوون لەو پاسیف بوونە ببینین. بۆ نموونە، بە بنەماگرتنی دیسکۆرسی نەتەوەیی و بەرژەوەندیی گشتیی کوردستانیان لە بڕیار و ڕاگەیاندنە حیزبییەکان دەتوانێت ببێتە هۆی کارتێکەری ئەرێنی لە سەر فەزای سیاسی کوردستان و ڕەخساندنی زەمینەی گونجاو بۆ کاری هاوبەش. هێزە سیاسییەکان دەتوانن لە ڕێگای کۆبوونەوەی نیوخۆیی بەردەوامەوە، و بە نیزیک بوونە و بەهێزکردنی پەیوەندی و هاوکاریی ڕێکخراوەیی و وەگەڕخستنی پرۆژەگەلی هاوبەش، هەم لە ئاستی سیاسەتی ناوچەدا ببنە هێزی چالاک و هەم لە پەیوەندی لە گەڵ چاوەڕوانییەکانی خەڵکی کوردستاندا دەستەکەوتەکانیان دیار بێت. ئەوە ئەرکی مێژوویی و سیاسیی هێزە سیاسییەکانە کە لە پێناو پرسە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەی کوردستان -وەکوو پرسی ئابووری، میدیا، ڕاگەیاندن، چاپەمەنی، زمان، پەروەردە و کولتوور، چالاکی و کاری رێکخراوەیی نهێنی و ئاشکرا، سروشت، ئاو و ژینگە،منداڵان و ژنان، ژیانی کرێکاران و هەژاری کۆمەڵگە، کۆچبەری و دیاسپۆڕا و لۆبی و دیپلۆماسی نێودەوڵەتی- بەرنامە و پڕۆژەیان هەبێت و لەم پەیوەندییەدا لەگەڵ هاونیشتیمانیانی ناوەوە و دەرەوەی وڵاتدا لە پەیوەندی بەردەوامدا بن. ئیـمە ئەم داخوازی و پێداویستییانە کە ئاراستەی لایەنە سیاسییەکانی دەکەین وەکوو زەروورەتێکی مێژویی دەبینینن و لەو پێناوەشدا چاو بەسەر هیچ چەشنە بە لاڕێدابردن و خۆدزینەوەیەکدا داناخەین .
:ڕوو لە دیاسپۆرا/تاراوگە
ئێمە لە تاڵی و سوێری ژیانی کوردی دەرەوەی وڵات ئاگادارین و دەزانین کە سەرەڕای هەموو کەند و کۆسپی ژیانی تاراوگە بەردەوام دڵی کوردستانییانی هەندەران لە کوردستانە. ئێمە ئەوەش دەبینین کە کوردانی دەرەوەی وڵات بە دڕێژایی ژیانی دوورەوڵاتییان بە تاک و کۆ، بێپسانەوە یارمەتیدەری کوردستان بوون و ئاگادارین کە لە کاتی قەیرانەکاندا لەلایەن کوردانی دەرەوەی وڵاتەوە سەرەڕای گرفتی زۆر یارمەتی مادی بە کوردستان گەیێنراوە. ئەو هەوڵانە دەبینین بۆ ئەوەی پرسی کوردستان بە فۆڕم و شکڵی جۆربەجۆر بخرێتە ڕۆژەڤی سیاسی و میدیایی وڵاتان؛ هەروەها لە پەیوەندی لە گەڵ ڕووداوە سیاسییە گەورەکانی کوردستان لە فەزا گشتییەکانی وڵاتاندا، خۆپیشاندان و رێپێوانی جەماوەری ساز دەکرێت؛ بەڵام بە هۆی ئەو بارودۆخە هەستیارەوە کە هەنووکە کوردستان پێیدا تێدەپەڕێت،ئاستی چاوەڕوانیی هاونیشتیمانیان و بەم پێیەش ئەرکی دیاسپۆڕای کورد لە پێناو وڵاتدا دەکەوێتە قۆناغیکی جیاوازەوە
ئەمڕۆ دیاسپۆرای کورد وەکوو یەک لە سیاسیترین دیاسپۆراکانی جیهان هەم لە بواری هزری و مەعریفی و هەم لە ئاستی ژیانی ئاسایی تاکەکەسی و کاری بەکۆمەڵ خاوەن کۆمەڵێک دەستکەوتی بەرچاوە. هەربۆیەش کاتی ئەوە هاتوە کە کوردانی دیاسپۆڕا بە پێی ئیمکانات و بارودۆخی ژیانیان لە هەر وڵاتێک تێیدا دەژین، دەستپێشخەری بکەن و چالاکی بەکۆمەڵ چڕتر بکەنەوە. لە تەنیشت ئەو ڕێپێوان و چالاکییە جەماوەرییانەی فەزا گشتتییەکانی وڵاتان، کوردی دیاسپۆرا دەتوانن بۆ نموونە لە ڕێگای دامەزراندنی ڕێکخراوە و ناوەندی جۆربەجۆری کولتووری و کۆمەڵایەتی، ئەدەبی وهونەری، لۆبی و دیپلۆماسی، ئاکادیمیک، وەرزشی، یارمەتی و ساپۆڕتی ماڵی بۆ وڵات، میدیایی و چاپەمەنی و هەروەها وەگەڕخستنی دەزگای گونجاوی خوێندن وەکوو کۆرسی ئاکادیمیک یان زانکۆی ئانلاین بۆ خوێندکارانی کوردستان… دیاسپۆڕای کورد بکەنە دیاسپۆڕایەکی پرۆئاکتیڤ و دینامیک کە نەک هەر لە پێناو ناساندنی پرسی کورد لە ئاستی جیهاندا بەڵکوو لە پێناو سازکردنی هێژمونیی کۆمەڵایەتی، بەهێزکردنی دیسکۆرسی نەتەوایەتی و لە ئاکامدا دەستەبەرکردنی ستراتێژیی نیشتیمانی ڕۆڵی سیستەماتیک و بەرچاو بگێڕێت
:کۆتا
بە پێویستی دەزانین کە لە کۆتاییی ئەم ڕاگەیاندنەدا لە بەرانبەر هاونیشتیمانیانی خۆشەویستمان ئەوە دووپات بکەینەوە کە کوردستان هەر ئێستا بە دۆخێکی هەستیاردا تێدەپەرێت، هەر بۆیەش ئەرک و بەرپرسیارێتی هەر سێ بەشی کوردستان لە دۆخی دوای شۆڕشی ژینا دەکەوێتە ئاستێکی جیاوازەوە. ناچالاک بوونی خەباتکارانی ناوخۆی وڵات، دەبێتە هۆکاری ڕەخسانی زەمینەی لەبارتر بۆ دەسەڵاتی کۆڵۆنیال کە برەوێکی زیاتر بە پڕۆسەی کوڵۆنیزە کردن و ئاسیمیلاسیۆنی ئێمە بدات. مانەوەی دیاسپۆڕاش لە حاڵەتی ئیستایی خۆیدا دەبێتە هۆکاری دروستبوونی کەلێنی زیاتری ڕێکخراوەیی و کۆمەڵایەتیی نێوان وڵات و دیاسپۆرا کە لە ئاکامدا بێهیوایی لێ دەکەوێتەوە. مانەوەی حیزب و ڕێکخراوەکان لە بازنەی داخراو و حاڵەتی پاسیڤ بوونی ئێستادا نەک هەر دەبێتە هۆکاری وە درەنگ کەوتنی پرۆژەی چارەسەری بۆ کوردستان بەڵکوو خودی ئەو هێزانە لە ئەگەری نەبزووتندا لە داهاتووی نیزیکدا تووشی قەیرانی نێوڕێکخراوەیی و لێکترازان دەبنەوە. هەر بۆیەش ئەگەر ئێمە بە ڕاستی خوازیاری ئەوەین کە لە پێناو هەڵوەشاندنی دەسەڵاتی کۆڵۆنیاڵ لە کوردستان و بەم پێیەش گەیشتن بە مافە ڕەوا بنەڕەتییەکانمان، هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەی پێ درا هیچ ڕیگایەکمان جگە لە چالاکبوون و دەستەبەرکردنی سەدان دەزگا، ناوەند، تۆڕ و ڕێکخراوەی جۆربەجۆر لە پێناو خزمەتکردنی بە دۆزی نیشتیمان نییە.
لە کۆتاییدا بە هاونیشتیمانیان ڕادەگەیەنین کە ئیمە لەمەودوا لە ژێر ناوی « پلاتفۆڕمی ڕێگا» درێژە بە چالاکییەکانی خۆمان دەدەین.
پلاتفۆڕمی ڕێگا
ڕێکەوت ٧/١١/٢٧٢٣
